دێولان؛ دەرکرانی ڕاوین موتاعی لە مامۆستایانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان

٢ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ١٤:٤٦

هەنگاو؛ شەممە ۲ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵

سزای یەک ساڵ دوورخرانەوە لە کاری ڕاوین موتاعی، مامۆستای ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی خەڵکی دێولان و کارناسی باڵای بواری کیمیا، لە لایەن دادگای پێداچوونەوە لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی تاران بۆ دەرکران لە کاری ناوبراو گۆڕدرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ڕاوین موتاعی، کارناسی باڵای کیمیا و مامۆستای قوتابخانەکانی دێولان بە ۲۳ ساڵ پێشینەی مامۆستاییەوە، لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی تاران سزای دوورخستنەوە لە کاری بەسەردا سەپێندرا. ئەو سزایە ڕۆژی ۲۶ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴ (۱۶ی مارسی ۲۰۲۵) بەو هاووڵاتییە ڕاگەیێندراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕاوین موتاعی بە "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" لە ڕێگای چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، "بێڕێزی بە حکومەت"، "بێڕێزی بە ئەندامانی سوپای پاسداران"، "بێڕێزی بە ئیسلام" و "پڕۆپاگەندە بە قازانجی گرووپە دژبەرەکانی حکومەت" تۆمەتبار کراوە.

ئەو هاووڵاتییە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لە لایەن دەستەی ڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکان سزای یەک ساڵ دوورخرانەوە لە کاری بەسەردا سەپێندرا کە پاش ناڕەزایەتی بەو سزایە لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی تاران سزای دەرکران لە کاری بەسەردا سەپێندرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە