ڕێوڕەسمی نەورۆز؛ دەستبەسەركرانی كەیهان تەدبیری، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە مەریوان

٢ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ١٧:٥١

هەنگاو؛ شەممە ٢ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥

كەیهان تەدبیری، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵكی مەریوان دوای بانگكران و چوونی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بە توندی دراوەتە بەر لێدان و دەستبەسەر كراوە و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥ (٢٢ی مارسی ٢٠٢٥)، كەیهان تەدبیری، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵكی گوندی "نێ"ی سەر بە مەریوان دوای بانگكران و چوونی بۆ ئیدارەی ئێتلاعاتی ئەم شارە بە بەكارهێنانی توندوتیژی و لێدان دەستبەسەركرا.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، دەستبەسەركرانی كەیهان تەدبیری لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی نەورۆزی كوردستان بووە و بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم لاوە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودخۆی ناوبراو بێ ئاكام ماوەتەوە.

هەنگاو زانیویەتی كە، كەیهان تەدبیری دوای دەستبەسەركران بۆ یەكێك لە دەستبەسەرگە ئەمنییەكانی شاری سنە گواستراوەتەوە.

شایانی باسە كە، لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ڕێكەوتی ٣ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥ لە گوندی نێ، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو زیاتر لە دووسەد هاووڵاتیی خەڵكی ئەم گوندە بانگكراون كە ژمارەیەكی زۆر لەوان كاتێك بانگی ئیدارەی ئیتلاعات كراون سەردانی ئەم ناوەندەیان نەكردووە.

تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم لاوە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە