سنە؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و گوشارەکان لەسەر لەیلا پاشایی و باران ساعدی، دوو چالاکی ژنی کورد بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ

هەنگاو؛ یەکشەممە ۲٣ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵
لەیلا پاشایی و باران ساعدی، دوو هاووڵاتی لە چالاکانی مەدەنیی دەستبەسەرکراو لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی ڕۆژی ۸ی مارس "ڕۆژی جیهانی ژنان" و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراونەتەوە و مافی هەرچەشنە پەیوەندییەکیان لێ وەرگیراوە. ئەو دوو چالاکە ژنە کوردە بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار داندراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەربوونی ١٣ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی دوو چالاکی بواری مافەکانی ژنان، لەیلا پاشایی تەمەن ۴۵ ساڵ خەڵکی سەقز و دانیشتووی سنە، و باران ساعدی تەمەن ۴۵ ساڵ و خەڵکی سنە، لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون و لە حەفتەی ڕابردووەوە لە مافی پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و لە ژووری تاکەکەسیی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە (بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە) ڕاگیراون.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو چالاکەی بواری مافەکانی ژنان بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە بەرامبەر کامێرادا لەژێر گوشار داندراون.
ئەو دوو چالاکە مەدەنییە ڕۆژی دووشەممە ۲۰ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴ (۱۰ی مارسی ۲۰۲۵) لەگەڵ سۆهەیلا موتاعی و سۆما محەممەدڕەزایی، دوو چالاکی مافی ژنانی کوردی دیکە لە شارەکانی سنە و دێولان لە پەیوەندی لەگەڵ بەشداریکردن و ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی تایبەتی ڕۆژی جیهانی ژنان لە سنە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گواسترابوونەوە.
سۆهەیلا موتاعی لەئاکامدا ڕۆژی دووشەممە ۲۷ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴ (۱۷ی مارس) و سۆما محەممەدڕەزایی ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی ڕەشەممە (۱۹ی مارس) بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی تا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کران.