سنە؛دەستبەسەرکرانی مەحموود نادری بە هۆی بەکارهێنانی "جامانە" و "جلی خاکی" لە زەماوەندی کوڕەکەی

هەنگاو؛ سێشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە بە ناوی مەحموود نادری دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە هۆی بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆری "جامانە" و "جلی خاکی" لە لایەن هاووڵاتییانەوە لە زەماوەندی کوڕەکەی بانگ و هەڕەشەی لێ کرابوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٤ی مارسی ٢٠٢٥)، مەحموود نادری، هاووڵاتیی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "دائانەی کەمانگەر"ی سەر بە ناوچەی کەڵاتەرزان، دوای بانگکرانی و چوونی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بانگکرابوو و ئیمڕۆ کاتژمێر ٨ی بەیانی چووبووە ئەم ناوەندە ئەمنییە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی نادری، ناوبراو لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبردنی زەماوەندی منداڵەکەی لە هۆڵی مێهری سنە دەستبەسەر کراوە. لەم ڕێوڕەسمەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بە "جامانە" و "جلی خاکی"ییەوە بەشداریان کردبوو و پشتگیری خۆیان بۆ ئەو ٥٨ هاووڵاتییە دەربڕیبوو کە بە هۆی پۆشینی جلی خاکی و بەکارهێنانی جامانە لە شاری پیرانشار ڕووبەڕووی دۆسیەسازی دادوەری ببوون.
هەنگاو زانیویەتی کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا مەحموود نادری چەندین جار بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کرابوو و رۆژێک دوای زەماوەندەکە مۆبایلی ناوبراو لە لایەن ئەم ناوەندە ئەمنییەوە دەستی بەسەردا گیرابوو و ڕۆژی ڕابردوو پێیان دابوویەوە.
پێشتر هەنگاو بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک نووسیبووی کە، ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە گوشارخستنەسەر ئیدارەی چاودێریکردنی شوێنەکان و هەروەها بەڕێوەبەرانی هۆڵی تایبەتی ڕێوڕەسمەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی میوانان لە "جامانە" و "جلوبەرگی خاکی" لەو ڕێوڕەسمەدا ئاگاداریانی کردووینەتەوە و هەڕەشەی لێکردوون.
سەرچاوەکانی هەنگاو لە شاری سنە ڕایانگەیاندووە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هۆڵێک بۆ ماوەی سێ حەوتوو و هۆڵێکی دیکە بۆ ماوەی دوو حەوتوو داخراوە و بەڕیوەبەرەکانیان بەسەختی هەڕەشەیان لێکراوە کە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان بەو دوو هێمایەوە، هۆڵەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر دادەخرێن.
سەرەتای مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، لانی کەم ٥٨ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان و پیرانشار بریتی لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دوای ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی زەماوەندێکدا به جامانە و جلوبەرگی خاکی بە تۆمەتی ئەوەی بە "هێماگەرایی" ڕاگەیێندرابوو، بانگ کرابوونە ناوەندە دادوەرییەکان.
دوای بانگکران و سازکردنی دۆسیەی دادوەری بۆ ئەو کەسانە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە شارە جیاوازەکانی کوردستان وەکوو سنە، بۆکان، مەهاباد، پیرانشار و شنۆ هەندێک ڤیدیۆ لە زەماوەندەکان بڵاو کرانەوە کە ئامادەبووان بۆ ڕاگەیاندنی پاڵپشتییان لەو کەسانەی بانگ کرابوون، بە جامانە و جلی خاکییەوە لە بۆنەکان بەشدارییان کردبوو.