سنە؛ ئازدیی لەیلا پاشایی و باران ساعدی بە دانانی بارمتە

هەنگاو؛ سێشەممە ٥ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥
لەیلا پاشایی و باران ساعدی، دوو هاووڵاتیی مەدەنی دەستبەسەركراو لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی ٨ی مارس "ڕۆژی جیهانیی ژنان" و لە دەستبەسەركراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازای"، دوای ١٦ ڕۆژ دەستبەسەركران بە دانانی بارمتەی پێنسەد ملیۆنی بە شیوەی كاتی تا كاتی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد كران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٥ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥ ( ٢٥ی مارسی ٢٠٢٥)، دوو چالاكی بواری مافەكانی ژنان، لەیلا پاشایی، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵكی سەقز دانیشتووی سنە و باران ساعدی، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵكی سنە، بە دانانی بارمتەی پێنسەد ملیۆنی بە شێوەی كاتی تا كاتی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد كران.
هنگاو زانیویەتی كە، ئەم دوو چالاكەی بواری مافەكانی ژنان لە ماوەی دەستبەسەركرانەكەیاندا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها مافی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەكانیان بێبەش بوون و لە ژێر گوشاری دانپێدانی زۆرەملێ لە پێش كامێرا بوون.
ئەم دوو چالاكە مەدەنییە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٠ی مارسی ٢٠٢٥)، لەگەڵ سۆهەیلا موتاعی و سۆما محەممەدڕەزایی دوو كەسی دیكە لە چالاكانی مافەكانی ژنانی كورد لە شارەكانی سنە و دێولان لە پەیوەندی لەگەڵ چالاكی و ئامادەبوونیان لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژنان لە سنە لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گواسترابوونوە.
سۆهەیلا موتاعی لە كۆتاییدا ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٧ی مارس) و سۆما محەممەدڕەزایی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەممە (١٩ی مارس) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی كاتی تا كاتیی كۆتاییهاتنی دادگایی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد كران.