ڕێوڕەسمی نەورۆز؛ دەستبەسەركران و ناڕوونی چارەنووسی مستەفا هوژەبری لە سنە

هەنگاو؛ چوارشەممە ٦ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥
مستەفا هوژەبری، هاووڵاتیی كورد و خەڵكی سنە، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەكانی نەورۆزی كوردستان دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە و بە تێپەڕینی ٤ ڕۆژ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ،ئێوارەی یەكشەممە ٣ی خاكەلێوەی ٢٧٢٥ (٢٣ی مارسی ٢٠٢٥)، مستەفا هوژەبری ، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵكی گوندی "قولیان"ی سەر بە سنە، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە و بە تێپەڕینی ٤ ڕۆژ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، دەستنەسەركرانی ئەم هاووڵاتییە لە پەیوەندیی لەگەل ڕێوڕەسمەكانی نەورۆزی كوردستان بووە و بەدواداچوونەكانی بنەماڵەی ناوبراو بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی مستەفا هوژەبری بێ ئاكام ماوەتەوە.
تا كاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەكی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن و هەروەها چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە كوردە لەبەر دەستدا نییە.