ڕێوڕەسمی نەورۆز؛ بەردەوامی دەستبەسەرکرانی شێخ زاهید شەهابی و گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنیی لە شاری سنە

هەنگاو؛ دووشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥
شێخ زاهید شەهابی، چالاکی مەزهەبی کورد و خەڵکی شاری سەقز لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێوڕەسمی نەورۆزی کوردستان کە لە ئەنجامی هێرشی توندوتیژانەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوو، بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سنە گواسترایەوە.
بەپیی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ماوەی پێشوو شێخ زاهید شەهابی، خەڵکی شاری سەقز کە لە ١٤ ڕۆژی ڕابردوودا دەستەسەر بووە، لە ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی شاری سنە گواسترایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی شەهابی، شێخ زاهید شەهابی لە ماوەی دەستبەسەرکرانی دوو جار تەلەفۆنی بۆ بنەماڵەی کردووە. ناوبراو لە سەرەتاییترین مافەکانی وەکوو هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.
شێخ زاهید شەهابی ڕۆژی دووشەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ (٢٤ی مارسی ٢٠٢٥)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و تەلەفۆنەکەی دەستی بەسەردا گیرا.
هەنگاو پێشتر لەلایەن سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هێرش کردنە سەر خانەقا "ڕێگەی ئازادی"ی سەقز، بە توندوتیژییەوە زاهید شەهابیان دەستبەسەر کردووە، کتێبەکانیان لە خانەقا فڕێداوەتە دەرەوە.
جێگای باسە کە، شێخ زاهید شەهابی، ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤، لە ڕێڕەسمی نەورۆزی شاخی جاقڵی شاری سەقز ئامادە بوو، لێدوانێکی کورتی هەبوو و لە کۆتایدا ئاگری نەورۆزی کردەوە.
جێگای باسە کە ئازاد شەهابی، برای زاهید شەهابی لە ڕێکەوتی ٢٨ی پوشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ دوو چالاکی مەزهەبی دیکە بە ناوەکانی پەیمان محەممەدی و پەرویز ڕەحیم پەنا، لە خانەقا بە گوللە کوژران.
ماوەیەک دواتر، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی شاری سەقز بە هەبوونی بەڵگە و ڕابردووی ناوەندە ئەمنییەکان ئەم کارەیان بە تێرۆر و سەرکوتی زیاتر ناساند.