بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی پێنج بەندکراوی مەزهەبی بریتی لە چوار بەندکراوی بەلووچ و تورکەمەن

١٩ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ٢١:٤٤

هەنگاو؛ سێشەممە ۱۹ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵

سزای سێدارەی پێنج بەندکراوی مەزهەبی بریتی لە چوار بەندکراوی بەلووچ و تورکەمەن بەناوەکانی عەبدولحەکیم عەزیم گۆرگیج، عەبدولڕەحمان گۆرگیج، تاج محەممەد خورمالی و فەرهاد شاکری و بەندکراوێکی دیکە بە ناوی مالک عەلی فەدایی نەسەب  بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی وەکیل ئابادی مەشهەد جێبەجی کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۱۹ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ (۸ی ئەپریلی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی عەبدولحەکیم عەزیم گۆرگیج و عەبدوڕەحمان عەزیم گۆرگیچ هەر دوو خەڵکی ئاق قەڵای پارێزگای گوڵستان، تاج محەممەد خورماڵی و فەرهاد شاژری تەمەن ٤٤ ساڵ و دوو بەندکراوی تورکەمەن و خەڵکی گونبەدی کاووس و  مالک عەلی فەدایی نەسەب لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد جێبەجی کرا.

سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانە لەحاڵێکدا جێبەجێ کراوە کە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون و بنەماڵەکانیان لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە سەبارەت بە لەسێدارەدرانی منداڵەکانیان ئاگادار کراونەتەوە. لە نێوان ئەو بەندکراوانەدا، مالک عەلی فەدایی نەسەب تاکە تۆمەتباری شیعەی ئەو دۆسیە بووە و چوار بەندکراوی دیکە سوننەمەزهەب بوون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو پێنج بەندکراوە ئایینیە، ڕایدەگەیێنێت کە ئەو پێنج بەندکراوە لە پرۆسەیەکی بە تەواوی ناڕوون و نادادپەروەرانەدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و لە سەرجەم ڕێکخراوە جیهانییە مافی مرۆڤییەکان داوا دەکات بە لەپێشگرتنی ڕێ‌وشوێنی گونجاو وەکوو گەمارۆدانی دادوەرەکان و دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تێچووی جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە ئێران زیاتر بکەن.

لەو دۆسیەدا بێجگە لەو پێنج بەندکراوە، ناوی حەوت تۆمەتباری دیکە دەبیندرێت. ۹ کەس لەو بەندکراوانە بەناوەکانی مالک عەلی فەدایی نەسەب، حەمید ڕاست بالا، فەرهاد شاکری، کەبیر سەعادەت جەهانی، محەممەدعەلی ئارایش، عیسا عەیدمحەممەدی، عەبدولحەکیم عەزیم گۆرگیج، عەبدولڕەحمان گۆرگیج و تاج محەممەد خورمالی ساڵی ۲۷۱۹، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەشهەد بە تۆمەتی "بەغی لە ڕێگای ئەندامێتی لە گرووپی سەلەفیی حزب‌الفرقان و بەرەی یەکگرتوویی نەتەوەیی سوننەمەزهەبەکانی ئێران" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەو تۆمەتبارانە مانگی ڕێبەندانی ۲۷۱۵ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و دوای نزیکەی یەک ساڵ بۆ بەندیخانەی وەکیل ئابادی مەشهەد گواسترانەوە.

عەبدولحەکیم عەزیم گۆرگیج، لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بەشێوەی دڕندانە وەکوو هەڵواسینی لە بن میچ بۆ ماوەیەکی درێژ و بەتاڵکردنی بیبار لە کۆمیدا ئەشکەنجە درابوو.

شایەنی باسە کە، سزای سێدارەی حەمید راست بالا، کەبیر سەعادەت جەهانی و محەممەدعەلی ئارایش مانگی بەفرانباری ۲۷۲۰ جێبەجێ کراوە.

سێ تۆمەتباری دیکەی ئەو دۆسیە بەناوەکانی محەممەدڕەزا شێخ ئەحمەدی، عەبدولباست ئۆرسەن و مۆرتێزا فەکووری بە تۆمەتی "بەغی لەڕێگای ئەندامێتی لە گرووپی سەلەفی و تەکفیری داعش" سزای ۱۵ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو.

لەئاکامدا بەشێک لەو سزایانە لە لایەن دیوانی باڵاوە ڕەت کرانەوە و مانگی پووشپەڕی ۲۷۲۳ لقی چواری دادگای شۆڕشی مەشهەد بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەحمەدیان سەلامی، سزای سێدارەی بەسەر شەش تۆمەتبار بەناوەکانی فەرهاد شاکری، عەبدولحەکیم عەزیم گۆرگیج، عەبدولڕەحمان گۆرگیج، تاج محەممەد خورمالی، مالک عەلی فەدایی نەسەب و عیسا عەیدمحەممەدیدا سەپاند.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە