دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای ئامۆل

٢١ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ١٤:٠٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۱ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵

دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەریوان بەناوەکانی ڕێبوار ئەرژەنگی و حەمید سەعیدی لە شاری ئامۆلی سەر بە پارێزگای مازەندەران لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۱۹ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ (۸ی ئەپریلی ۲۰۲۵)، دوو هاووڵاتیی کورد بەناوەکانی ڕێبوار ئەرژەنگی خەڵکی شارۆچکەی نێ سەر بە شاری مەریوان و حەمید سەعیدی خەڵکی مەریوان، لە شاری ئامۆل لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کران.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە: "ئەو دوو کەسە دوای ۲۴ کاتژمێر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی چەند چرکەییدا هەواڵی دەستبەسەرکرانی خۆیان لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای ئامۆلەوە ڕاگەیاندووە و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە".

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، چارەنووس و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە