دەستبەسەرکرانی دووبارەی نەریمان ڕەندانی لە چالاکانی میدیایی شاری سەقز

٢١ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ١٥:٤٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۱ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵

نەریمان ڕەندانی، لە چالاکانی میدیایی و مەدەنی خەڵکی سەقز کە کۆتاییەکانی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو پاش یەک مانگ دەستبەسەرکران ئازاد کرابوو، جارێکی دیکە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ۲۰ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ (۹ی ئەپریلی ۲۰۲۵)، نەریمان ڕەندانی، چالاکی سیاسی و مەدەنی تەمەن ۳۵ ساڵ و خەڵکی سەقز، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نەریمان ڕەندانی لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر دوکانەکەی دەستبەسەر کراوە و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.

نەریمان ڕەندانی ڕۆژی سێشەممە ۷ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴ (۲۵ی فێبریوەریی ۲۰۲۵)، پاش ۳۳ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بەندیخانەی ناوەندیی سەقز، بە دانانی بارمتەی ۶۰۰ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرابوو.

ناوبراو لەگەڵ براکەی، میلاد ڕەندانی پاش دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنە، ناسراو بە "قەرارگای شەهرامفەر" گواسترابوونەوە.

نەریمان ڕەندانی ڕۆژی چوارشەممە ۳ی ڕێبەندانی ۲۷۲۴ (۲۲ی جەنیوەریی ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقامێکی شاری سەقز دەستبەسەر کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە