مەریوان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی حوسێن عەلیزادە

هەنگاو؛ هەینی ٢٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥
هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی شاری مەریوان بەناوی حوسێن عەلیزادە، ماوەی زیاتر لە مانگێکە کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و تاوەکوو ئێستا هیچ هەواڵێک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەست نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ (٦ی مارسی ٢٠٢٥)، حوسێن عەلیزادە، تەمەن ٥٠ ساڵە و خەڵکی گوندی “دەرێ” سەر بە شاری مەریوان دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات، دەستبەسەر کراوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی ٣٦ ڕۆژی ڕابردوو تاوەکوو ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنوس و دۆخی ڕاگرتنی حوسێن عەلیزادە لەبەر دەست نییە.
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد کە حوسێن عەلیزادە تووشی نەخۆشی دەروونی بووە و ڕاگرتنی درێژ ماوەی ناوبراو لە دەستبەسەرگە کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی دادەنێت.
تاوەکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەست نییە.