جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ڕەحیم ڕەحیم نژاد بەندکراوی خەڵکی شاری بانە لە بەندیخانەی ناوەندیی کرمان

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری بانە بە ناوی ڕەحیم ڕەحیم نژاد ناسراو بە (یادگار) لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کرمان جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو. هاوکات بەندکراویکێ بەلوچیش لەسێدارە دراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ (١٥ی ئاپریلی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی ڕەحیم ڕەحیم نژاد، تەمەن ٤١ ساڵە و خەڵکی شاری بانە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کرمان جێبەجێ کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یادگار ڕەحیم نژاد دوو ساڵ لەمەوپێش لە شاری کرمان دەستبەسەر کرا و لەلایەن لقی چواری دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.
هاوکات لەگەڵ ئەم بەندکراوە، سزای سێدارەی ئەبووبەکر شەبەخش، بەندکراوی بەلووچ و تەمەن ٣٦ ساڵە و خەڵکی گوندی سەرجەنگەڵ سەر بە شاری زاهیدان لە بەندیخانەی شاری کرمان جێبەجێ کرا. هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە پێشتر لەلایەن هەنگاو بڵاو کرابۆوە.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە تاوەکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حکومەتییەکان و بە تایبەتی لە میدیاکانی نزیک لە دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.