بەندیخانەی بەندەرعەباس؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی کەریم ئیسماعیلی و پەیمان نادری

٢٦ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ١٧:١٢

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی پەیمان نادری و کەریم ئیسماعیلی خەڵکی شارەکانی کرماشان و شاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ (١٥ی ئەپریلی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی پەیمان نادری، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی کرماشان و کەریم ئیسماعیلی خەڵکی شاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەریم ئیسماعیلی سێ ساڵ پێش و پەیمان نادری دوو ساڵ پێش لە دۆسیەی جیاواز بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هاوکات لەگەڵ ئەم دوو بەندکراوە، سزای سێدارەی ئەیووب بەرنیایی، بەندکراوی بەلووچ و تەمەن ٣٧ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی ڕەمێشکی سەر بە پارێزگای کرمان لە بەندیخانەی بەندەرعەباس جێبەجێ کرا. ناوبراویش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و هەواڵی ناوبراو پێشتر لە هەنگاو بڵاو بووەتەوە.

هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوانە تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەتی میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە