ڕاپۆرتێک سەبارەت بە لەسێدارەدانی شەش بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئیسفەراین بۆرازجان، بەندەرعەباس، نەیشابوور، جیرۆفت و کەرەج
هەنگاو؛ هەینی، ١٦ خەزەڵوەری ۲۷۲۵
سزای لەسێدارەدانی شەش بەندکراو کە دوو بەندکراوی کورد بوون بە ناوەکانی هوشەنگ محەمەدی، ئەحمەد نووری، باقر عەبدی، عێرفان قەلاوەند، ئاریەن گەرایی و موحسێن یاربەیگی کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" و "پەیوەندیدار بە تاوانی مادە هۆشبەرەکان" حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەکانی لە ئیسفەرایەن، بۆرەزجان، نەیشابوور، جیرۆفت و کەرەج جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥)، لەسێدارەدانی بەندکراوێکی کورد بە ناوی هوشەنگ محەممەدی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان، سزائ سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ئیسفەراین لە پارێزگای خوراسانی باکوور جێبەجێ کرا.
لە هەمان کاتدا و لە هەمان ڕۆژدا حوکمی لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی ئەحمەد نووری لە بەندیخانەی بۆرازجانی پارێزگای بووشێهر جێبەجێکرا. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.
هەروەها، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی باقر عەبدی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، هەمان ڕۆژ لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەر عەباس جێبەجێ کرا.
لە لایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ۱۳ی خەزڵوەری ۲۷۲۵ (٤ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۵ )، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی لۆڕ بە ناوی عێرفان قەڵاوەند کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی نەیشابوور لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی جێبەجێ کرا.
هەروەها، لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ۱۲ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (٣ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۵)، حوکمی لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی ئاریان گەرایی خەڵکی شیراز لە بەندیخانەی جیرۆفت لە پارێزگای کرمان جێبەجێ کرا. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.
هەر لەو پێوەندییەدا، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ۱۱ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (۲ ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۵)، حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی موحسێن یاربەیگی، خەڵکی کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای لەسێدارە دانی بەسەردا سەپابوو، لە زیندانی ناوەندیی شاری کەرەج جێبەجێ کرا.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوانە لە میدیای دەوڵەتی و بەتایبەتی میدیای پەیوەندیدار بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.