ئورمیە؛ ڕەتکردنەوەی سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسی کورد

٢٧ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ١١:٥٢

هەنگاو؛ دووشەممە ٢۶ی خاکەلێوەی ٢٧٢۵

سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، تۆمەتباری سیاسی کورد و بەندکراوی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە لایەن دیوانی باڵای دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕەت کرایەوە. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۲۶ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ (۱۵ی ئەپریلی ۲۰۲۵)، هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، تەمەن ٢۶ ساڵ و خەڵکی ئورمیە لە لایەن دیوانی باڵاوە بەشێوەی فەرمی بە پارێزەری ئەو تۆمەتبارە سیاسییە ڕاگەیەندرا.

بەو هۆیەوە دۆسیەی ناسر بەکرزادە بەمەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ لقی هاوشێوەی خۆی لە دادگای شۆڕشی ئورمیە دەنێردرێتەوە.

ناسر بەکرزادە مانگی خەزەڵوەری ۲۷۲۴، لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو تۆمەتبارە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ساڵی ۲۷۲۳ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ئورمیە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند حەوتوو بە "وەرگرتنی بەڵێننامە" و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣ بۆ جارێکی دیکە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ئورمیە دەستبەسەر کرایەوە و دوای چەند مانگ لێپرسینەوە لەژێر گوشار، لە ئاکامدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

ناسر بەکرزادە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردا داندرابوو و لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە