ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێكرانی سزای سێدارەی چوار بەندكراو لە بەندیخانەكانی كرماشان، ئەراک، قوم و زەنجان

٧ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ٢٣:٢٥

هەنگاو؛ سێشەممە ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٥

سزای سێدارەی چوار بەندكراو بریتی لە دوو بەندكراوی كورد و تورک بە ناوەكانی نەوید ڕۆستەمی، حوسێن ئەكبەری، مەحموود شێربەیگی و ئەبولفەزل شاكری كە پێشتر بە تۆمەتی وەکوو پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكان و كوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەكانی كرماشان، ئەراک، قوم و زەنجان جێبەجێ كرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی سێشەممە ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ (٢٩ی جوڵای ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی بەندكراوێكی كورد و خەڵكی كرماشان بە ناوی نەوید ڕۆستەمی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ كرا. ئەم بەندكراوە ٦ ساڵ پێش بە تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها ڕۆژی یەكشەممە ٥ی گەلاوێژ (٢٧ی جوڵای)، سزای سێدارەی حوسێن ئەكبەری، تەمەن ٥٠ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراك جێبەجێ كرا. حوسێن ئەكبەری سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هاوكات لە هەمان ڕۆژدا سزای سێدارەی مەحموود شێربەیگی، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵكی شەهریاری سەر بە تاران لە بەندیخانەی ناوەندیی قوم جێبەجێ كرا. مەحموود شیربەیگی سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەكانەوە “گواستنەوەی مەواد” دەستبەسەر و لە كۆتاییدا لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژ (٢٦ی جوڵای) سزای سێدارەی ئەبولفەزل شاكری، هاووڵاتیی تورک و خەڵكی زەنجان لە بەندیخانەی ناوەندیی زەنجان جێبەجێ كرا. ئەبولفەزل شاكری شش ساڵ پێش بە تۆمەتی كوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و لە كۆتاییدا لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم چوار بەندكراوە تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حكوومەتییەكان بە تایبەت میدیاكانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە