دەستبەسەرکرانی میلاد مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە تاران

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۸ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵
میلاد مورادی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە تاران دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲۵ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ (۱۴ی ئەپریلی ۲۰۲۵)، میلاد مورادی، خەڵکی جوانڕۆ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە تاران دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی میلاد مورادی، دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر دووکانی شوێنی کارەکەی ڕووی داوە.
میلاد مورادی دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە دەستبەسەربوونی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە دەستبەسەر کراوە و باری تەندروستیی باشە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.