دەستبەسەرکرانی مامۆستا لوقمان ئەمینی دوای بانگکرانی بۆ دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە هەمەدان

هەنگاو؛ دووشەممە ١ی گوڵانی ٢٧٢٥
مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی “چوار یاری نەبی” شاری سنە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” دەستبەسەر کرابوو، دوای بانگکران و ڕۆیشتنی بۆ ادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی هەمەدان دەستبەسەر کرا. ناوبراو پێشتر بە بەندکران و دوورخستنەوە سزا درابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١ی گوڵانی ٢٧٢٥ (٢١ی ئاپریلی ٢٠٢٥)، مامۆستا لوقمان ئەمینی، کەسایەتی ئایینی خەڵکی شاری سنە دوای ئامادە بوونی لە ادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە هەمەدان دەستبەسەر کرا.
مامۆستا لوقمان ئەمینی دوای دەستبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە و هیچ زانیاییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم مامۆستایە تاوەکوو ئێستا لەبەر دەست نییە.
ئەم کەسایەتییە ئاینییە کوردە پێشتر لەلایەن دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەت لە شاری هەمەدان بە تۆمەتی “هەڵگرتنی دەمانچەی کەمەری” بە پێنچ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی “پرۆپاگەندە لە دژی حکومەت و بە قازانجی حزبە کوردستانییەکان” بە یەک ساڵ بەندکران و بەتایبەتی بە تۆمەتی “هاندان بۆ شێواندن و پشتگیری لە خۆپیشاندەران” بە پێنچ ساڵ بەندکران سزا درابوو.
بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە پێنج ساڵ بەندکران بۆ ئەم مامۆستایە جێبەجێ دەکرێ.
هەروەها ناوبراو بە دانانی جل و بەرگی مامۆستایەتی و قەدەغەکردنی هەمیشەیی وتاردان و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری ئەردەبیل سزا درا.
مامۆستا لوقمان ئەمینی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢١، لە ڕێگای سنە بۆ مەریوان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕەشەممەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی دادگایەکەی لە دەستبەسەرگە ئازاد کرا.