بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە؛ جێبەجی کرانی سزای سێدارەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو بەندکراوی سیاسیی قوربانی دۆسیەسازی

٢ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ٠٠:١١

هەنگاو؛ دووشەممە ١ی بانەمەڕی ٢٧٢٥

سزای سێدارەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی چاڵدێران لە سێیەمین ساڵی دەستبەسەرکرانیدا لە دوای دۆسیەسازی، بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە ژێر زەخت و گوشار و ئەشکەنجەدا بووە و لە مافی دیتنی بنەماڵە و دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ (٢٠ی ئەپریلی ٢٠٢٥) سزای سێدارەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو بەندکراوی سیاسی تەمەن ٤٠ ساڵ و باوکی سێ منداڵ لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە جێبەجێ کراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خاکەلێوە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترایەوە و بە هۆی مانگرتنی بنەماڵەکەی سزاکەی جێبەجێ نەکرا و بۆ ئیدارەی ئیتلاعات گوسترایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو ڕۆژی شەممە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ئورمیە گواستراوەتەوە و ڕۆژی یەکشەممە بە بێ ئاگاداری بنەماڵەکەی لە سێدارە دراوە. هەواڵدەری ڕۆکنا سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ ئاماژەدان بە ڕێکەوتی جێبەجێ کرانی سزاکەی، لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوەی پشتراست کردووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بێهزاد سەرخانلوو جێگری داواکاری گشتیی ئورمیە دوای بانگکردنی بنەماڵەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لەگەڵ ڕاگەیاندنی لەسێدارەدانی پێیانی وتووە، تەرمی ناوبراو بە بنەماڵەکەی نادرێتەوە و ئیزنی بەرێوەبردنی هیچ ڕێورەسمیکی سەرەخۆشیان نییە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاوکات لەگەڵ شەرمەزارکردنی جێبەجی کرانی سزای سێدارەی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو بە شێوەی نهێنی، ڕادەگەیێنێت، ئەم بەندکراوە سیاسییە قوربانی دۆسیەسازی و دانپێدانانی زۆرەملێی ناوەندە ئەمنییەکان بووە و لە پرۆسەیەکی ناڕووندا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە لە حالێدا بوو کە حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە ئاخرین جاری دیتنی بنەماڵەکەی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو، چەندین بەڵگەی سەبارەت بە دۆسیەکەی کە نیشان لە بێ تاوانی خۆی و پێشیلکرانی مافەکانی بووە داوەتە دەستی بنەماڵەکەی و بەلێنی داوە فایلێکی دەنگییان بۆ دەنێرێت کە دوای ئەو چاوپێکەوتنە گواستراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

لەلایەکی دیکەوە مۆری هاتووچووی لەسەر پاسپۆرتی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو تۆمار کراوە کە دەرخەری ئەوەیە لەو ڕۆژەدا کە کۆماری ئیسلامی باسی لێوە دەکات کە تێکەڵچوونی چەکداری ڕووی داوە، حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە وڵاتی تورکیە بووە.

بەپێی مۆری پاسپۆرتەکە، ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ لە ڕۆژی تێکەڵچوونی چەکداری لە ڕێگەی سنووری بازەرگان چووەتە وڵاتی تورکیە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی کراوە کە لە ڕۆژی تێکەڵچوونی چەکداری لە سەرسنووری ئیران و کوژرای لانیکەم هەشت کەس لەو ڕۆژەدا بەشداری کردووە.

لە کۆتاییدا دادگا لە ژێر گووشاری ئیدارەی ئیتلاعات ڕایگەیاند موستەفا نوری برای حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو ساڵی ١٣٩٤ لە کاتی کۆڵبەری لەلایەن حکوومەتی ئێران کوژراوە و ناوبراویش بە تۆڵەی کوژرانی موستەفا دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران چالاکی چەکدارانەی ئەنجام داوە.

ناوەڕاستی مانگی پووشپەڕی ساڵی ۲۷۲۴، حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پ‌ک‌ک) بەبێ نیشاندانی بەڵگەی پێویست و تەنیا بە "زانستی دادوەر" لە دادگایەکی چەند خولەکیدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سزا لەئاکامدا لە لایەن لقی ۹ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە و ڕۆژی چوارشەممە ۶ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ (۲۶ی مارسی ۲۰۲۵)، بەشێوەی فەرمی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو ڕاگەیێندرا.

هەنگاو پێشتر بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو ڕایگەیاندبوو کە، ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا و تەنانەت لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش بووە.

حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو ١١ مانگ و ١٠ ڕۆژ لە ماوەی دەستبەسەربوونی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە لەژێر گوشاری دەروونی و جەستەییدا بووە و لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو مافی چاوپێکەوتن بێبەش کراوە و تەنیا دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی هەبووە.

ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەی سەختی هێزە ئەمنییەکاندا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی دژ بە خۆی سەبارەت بە بەشداریکردن لە چالاکییەکی چەکداری دژ بە هێزە پاسەوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە کە کوژرانی لانی کەم ٨ کەس لەو هێزانەی لێ کەوتووەتەوە.

دادگا لە ژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە مستەفا نووری، برای هاوژینی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو ساڵی ٢٧١٥ لە کاتی کۆڵبەری لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژراوە، و ئەو بەندکراوە سیاسییە بە بیانووی "تۆڵەکردنەوە" دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاکیی چەکداری کردووە.

حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٣ی ئەپریلی ٢٠٢٣) لە سنووری چالدێران لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور لەگەڵ چەند هاووڵاتیی ئەفغانستانی دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە چاڵدران گواسترایەوە. بە هۆی حوکمی دەستبەسەرکردنی ناوبراو لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات داواکارییەکەی بۆ دانانی بارمتە ڕەت کرایەوە و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ئورمیە گواسترایەوە.

ئەو هاووڵاتییە لە کۆتاییدا سەرەتای مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ بەندی ٢ی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترابۆوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە