سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل جێبەجێ کرا

٤ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٠:٥٩

هەنگاو؛ چوارشەممە ۴ی پووشپەڕی ٢٧٢٥

سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد بەناوەکانی ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی خەڵکی شاری سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد خەڵکی شاری سلێمانی سەر بە هەرێمی کوردستان، کە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۵ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی سێ بەندکراوی سیاسی کورد بەناوەکانی ئیدریس ئالی تەمەن ۳۲ ساڵ، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد بەشێوەی نهێنی و بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

هەواڵنێرە حکومەتییەکان وەکوو هەواڵنێری میزان بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایانگەیاندووە کە ئەو لەسێدارەدرانانە لە درێژەی کردەوە ڕاشکاوەکانی دەزگای دادوەری لە وەڵامی سیخوڕانی ڕژێمی زایۆنی ئەنجام دراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی یەکەمی دەستپێکی شەڕی نێوان وڵاتانی ئێران و ئیسرائیل وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانە، سەبارەت بە سەپاندنی سزا و پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەکان بەپێی دانپێدانانی زۆرەملێ و ڕەوتی دادوەریی نادادپەروەرانە هۆشداری دابوو کە لە درێژەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە و بێ گرنگیدان بە بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ ئەنجام دەدرێن.

شایەنی باسە کە ئەو سێ بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و تەنانەت چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون و بۆ ماوەی ٨ مانگ لە دەستبەسەرگەدا لەژێر توندترین ئەشکەنجەکاندا داندرابوون و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرە ملێ و قەبوڵکردنی ئەو تۆمەتانەی دراوبوونە پاڵیان کرابوون و دوای ٨ مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابوونەوە.

ئازاد شوجاعی، ئیدریس ئالی و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد مانگی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (سێپتەمبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر قوربان شاهینی بە تۆماتی "سیخوڕی بۆ ئیسڕائیل" دادگایی کرابوون و مانگی خەزەڵوەری هەمان ساڵ هەواڵی سەپێندرانی سزای سێدارەکەیان بە فەرمی پێ ڕاگەیەندرابوو.

پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەو سێ بەندکراوە سیاسییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، ساڵێک دوای سەپاندنی سزاکەیان و تەنیا چەند ڕۆژ دوای هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە، لە لایەن وتەبێژی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەسغەر جەهانگیری، میدیایی کرایەوە. ناوبراو بەبێ ئاماژە کردن بە ناسنامەی ئەو بەندکراوانە، ڕایگەیاند کە ئەو کەسانە وێڕای "سیخوڕی"، بە بیانووی قاچاخی کحولییەکان، کەرەستەی پێویستیان بۆ تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە گواستۆتەوە.

ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە پوشپەڕێ ساڵی ٢٧٢٣ (جوڵای ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە شاری ئورمیە گواسترابوونەوە.

ئەسغەر جەهانگیری لە کۆنفڕانسی میدیایی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە لە ڕەوتی ئەم دۆسیە لانی کەم ٨ کەس دەستبەسەر کراون کە سێ کەسیان لە قۆناغی یەکەمدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٩ی سێسەمبەری ٢٠٢٠)، هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی تیرۆری موحسین فەخریزادە مەهابادی گەمارۆی شاری بانەیان داوە و ماڵی هاووڵاتییانیان پشکنیبوو و زیاتر لە ٢٠ کەسیان دەستبەسەر کردبوو کە ئەو کات هەنگاو ناسنامەی ٩ کەسی بڵاو کردبۆوە.

موحسین فەخریزادە مەهابادی لە زانایانی ئەتۆمی ئێران، ڕۆژی هەینی ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠) لە ناوچەی ئابسەردی دەماوەند نزیک لە تاران تیرۆر کرا و کاربەدەستانی ئێرانی ئەو کات ئیسڕائیلیان بە ئەنجامدەری ئەم تیرۆرە ڕاگەیاند.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە