ئاروین سەلیمی، یەکێک لە قوربانیانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بۆ هەمیشە زێدەکەی بەجێهێشت

٣ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ١٠:٢٩

هەنگاو؛ چوارشەممە، ٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٥

ئاروین سەلیمی، هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی شاری دێولان و یەکێک لە قوربانیانی چاوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە بینایی چاوێکی لە دەست داوە؛ لە ژێر گوشاری بەردەوامی دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دواجار بۆ هەمیشە زێدی خۆی جێهێشت. ناوبراو زستانی ڕابردووش سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئاروین سەلیمی تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی شاری دێولان بە هۆی گوشار و دۆسیە سازکردنی بەردەوام لە لایەن دامودەزگاکانی حکوومەتەوە، ئێرانی بەجێهێشتووە.

ئاروین سەلیمی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەنگاو لە سەر دوایین دۆخی باری تەندروستیی خۆی ڕاگەیاند کە نزیکە بە تەواوەتی بینایی چاوی چەپی لەدەست داوە و توانای بینینی نییە.

ئەم گەنجە کە چاوی بریندار بووە، جگە لە لەدەستدانی بینایی چاوێکی، لەلایەن دەزگای دادوەریی و دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە کراوەتە ئامانج و دۆسیەسازی بۆ کراوە.

لە چوارچێوەی ئەم دۆسیەسازییەدا، لە ناوەڕاستی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧٢٤ دا، لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی دێولان بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەت" سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەر ئاروین سەلیمیدا سەپاند. ئاروین سەلیمی لەم دادگایەدا بە تۆمەتی دیکە، وەک "چالاکی تەبلیغی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران" تۆمەتبار کراوە.

هەنگاو زانیویەتی، جگە لە دروستکردنی کەیس و سەپاندنی تۆمەتی جۆراوجۆر، ئەم هاووڵاتییە چەندین جار ڕووبەڕووی بانگەواز و هەڕەشە و هۆشداریی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران بووەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧٢٢ لە ڕێوڕەسمی چلەی ڕەزا لوتفی یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە دێولان، هێزە چەکدارەکانی حکومەت بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لە خەڵک کرد و ئاروین لەو ڕۆژەدا چاوی چەپی پێکرا.

ئەم گەنجە کاتێک کە بریندار بوو تەنیا سێ مانگ بوو ماوەی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی تەواو کردبوو و بەو حاڵەش سەرەڕای بەردەوامی چارەسەرکردن، بۆ هەمیشە بینایی چاوی چەپی لەدەستدا.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە