سەقز؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی نەریمان ڕەندانی لە چالاکانی میدیایی شاری سەقز

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۴ی بانەمەڕی ۲۷۲۵
سەرەڕای تێپەڕبوونی پازدە ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی نەریمان ڕەندانی، لە چالاکانی میدیایی و مەدەنی خەڵکی سەقز تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە و لە یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیردراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نەریمان ڕەندانی، چالاکی میدیایی و مەدەنی تەمەن ۳۵ ساڵ و خەڵکی سەقز، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە چارەنووسی نادیارە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی نەریمان ڕەندانی، ئەو چالاکە مەدەنییە لە ڕۆژانی یەکەمی دەستبەسەربوونیدا بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتماوە هەواڵی گواستنەوەی خۆی بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی سنە ڕاگەیاندووە.
نەریمان ڕەندانی دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ۲۰ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ (۹ی ئەپریلی ۲۰۲۵) بۆ دووەمین جار لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر شوێنی کارەکەی لە سەقز دەستبەسەر کرا.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ۷ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴ (۲۵ی فێبریوەریی ۲۰۲۵)، پاش ۳۳ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بەندیخانەی ناوەندیی سەقز، بە دانانی بارمتەی ۶۰۰ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرابوو.
ئەو چالاکە مەدەنییە لەگەڵ براکەی، میلاد ڕەندانی پاش دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنە، ناسراو بە "قەرارگای شەهرامفەر" گواسترابوونەوە.
نەریمان ڕەندانی ڕۆژی چوارشەممە ۳ی ڕێبەندانی ۲۷۲۴ (۲۲ی جەنیوەریی ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شەقامێکی شاری سەقز دەستبەسەر کرابوو.