سەقز؛ درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکرانی شێخ زاهید شەهابی

٤ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ٢٢:١٤

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٤ی گوڵانی ٢٧٢٥

ماوەی دەستبەسەرکرانی شێخ زاهید شەهابی، لە چالاکانی ئایینی کورد و خەڵکی شاری سەقز لەلایەن لێکۆڵەری دادگای گشتی و شۆڕشی سەقز درێژ کرایەوە. ناوبراو ٣١ ڕۆژ لەمەوپێش دوای بەشداریکردنی و لێدوانی لە یەکێک لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گوڵانی ٢٧٢٥ (٢٤ی ئەپریلی ٢٠٢٥)، ماوەی دەستبەسەرکرانی شێخ زاهید، برای شێخ ئازاد شەهابی لەلایەن لێکۆڵەری دادگای گشتی و شۆڕشی سەقز بۆ یەک مانگی دیکە درێژ کرایەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

شێخ زاهید شەهابی لە یەکێک لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە سەقز ئامادە بوو و لێدوانێکی هەبوو.

جێگای ئاماژەیە کە، شێخ زاهید شەهابی ڕۆژی دووشەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ (٢٤ی مارسی ٢٠٢٥)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و تەلەفۆنی ناوبراو دەستی بەسەردا گیرا.

ئازاد شەهابی، برای زاهید شەهابی لە ڕێکەوتی ٢٨ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ دوو چالاکی مەزهەبی دیکە بە ناوەکانی پەیمان محەممەدی و پەرویز ڕەحیم پەنا، لە خانەقا بە گوللە کوژران.

ماوەیەک دواتر، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی شاری سەقز بە هەبوونی بەڵگە و ڕابردووی ناوەندە ئەمنییەکان ئەم کارەیان بە تیرۆر و سەرکوتی زیاتر ناساند.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە