بەندیخانە بانە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر گیان لەدەستدانی گوماناوی سێ بەندکراو لە ماوەی نزیک بە یەک مانگدا

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی گوڵانی ٢٧٢٥
لە ماوەی نزیک مانگێکدا لە ناوەڕاستی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو تا نیوەی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی فەرهاد ڕەمەزانی و کەماڵ محەممەدپوور و بەندکراوێکی دیکە بە ناوی عەلی سۆهرابی خەڵکی شاری هەمەدان لە بەندیخانەی بانە گیانیان لە دەستداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ (٧ی ئاپریلی ٢٠٢٥) عەلی سۆهرابی خەڵکی شاری هەمەدان لە بەندیخانەی بانە بە هۆی "وەستانی دڵ" گیانی لەدەستدا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مردنی گوماناوی عەلی سۆهرابی تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژ دوای گواستنەوەی ئەم بەندکراوە بۆ بەندیخانەی بانە ڕوویداوە.
هەروەها، لە ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٦ی مارسی ٢٠٢٥)، فەرهاد ڕەمەزانی، باوکی منداڵێک و خەڵکی شاری بانە لە بەندیخانەی ئەم شارە گیانی لەدەستدا. هۆکاری مردنی ناوبراویش "وەستانی دڵ" ڕاگەیەندراوە.
پێشتریش لە ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٨ی فێبریوەری) بەندکراوێکی دیکە بە ناوی کەماڵ محەممەدپوور، باوکی سێ منداڵ لە بەندیخانەی شاری بانە گیانی لەدەستدا.
هۆکاری مردنی لەناکاوی ئەم بەندکراوەی خەڵکی شاری بانە هەروەک دوو بەندکراوەکەی دیکە وەستانی دڵ ڕاگەیەندراوە کە ماوەی کەمی نێوان مردنی ئەم بەندکراوانە بووەتە هۆی نیگەرانی جدیی لەبارەی بارودۆخی بەندکراوانی بەندیخانەی شاری بانە.
فەرهاد ڕەمەزانی و کەماڵ محەممەدپوور پێشتر بە تۆمەتی قاچاخی کەلوپەل و پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە، دەستبەسەر و لە کۆتاییدا سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێنرابوو. زانیاری لەسەر تۆمەتی بەندکراوەکەی دیکە لەبەر دەست نییە.
تاکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی بانە و ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە لە بارەی مردنی ئەم بەندکراوانە لە ماوەی یەک مانگدا نەدراوە.