ژنکوژی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی ستارە مووساپوور، لە قوربانییانی منداڵ هاوسەری و هاوسەرگیری زۆرەملێ لە لایەن برای هاوژینەکەی لە شاری خۆی

هەنگاو؛ هەینی ۵ی بانەمەڕی ۲۷۲۵
ستارە مووساپوور، لە قوربانییانی منداڵ هاوسەری و هاوسەرگیری زۆرەملێ لە کۆتۆل سەر بە شاری خۆی بە بەکارھێنانی چەکی گەرم لە لایەن برای هاوژینەکەیەوە کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۱ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۲۱ی ئەپریلی ۲۰۲۵)، ستارە مووساپوور، تەمەن ۱۸ ساڵ و خەلگی گوندی گوگردی سەر بە شارۆچکەی کۆتۆل لە ڕێگای بەکارهێنانی چەکی گەرم لە لایەن برای هاوژینەکەیەوە کوژرا.
یەکێک لە هاوڕێیانی نزیکی قوربانی لەو بارەیەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە: "ستارە مووساپوور کە دوو ساڵ پێشتر هاوسەرگیری کردبوو بەهۆی ئەوەی منداڵی نەدەبوو بەردەوام لە لایەن بنەماڵەی هاوژینەکەیەوە لەگەڵ توندوتیژیی زارەکی و فیزیکیدا ڕووبەڕوو دەبۆوە."
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مووساپوور، ستارە سێ ڕۆژ پێش کوژرانی گەڕاوەتەوە بۆ ماڵی دایک و بابی و بۆ ڕزگارکردنی گیانی داوای یارمەتیی لێیان کردبوو بەڵام بە گوشاری بنەماڵەکەی و بەوەی لە لایەن ئەوانەوە بە پاراستنی ئابڕوو ناو بردراوە گەڕێندراوەتەوە بۆ لای هاوژینەکەی.
ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە بکوژ یەک ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی بە ڕەزامەندیی بابەگەورەی قوربانی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە ماوەی ۲۲ ڕۆژی هەوەڵی مانگی ئەپریلی ۲۰۲۵دا لانی کەم کوژرانی ۲۲ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
هەنگاو لەسەر ئەو بابەتە پێداگری دەکات کە ژنکوژی لە لوتکەی هەرەمی ڕق و بێزاری لە ژنان و توندوتیژیی پێکهاتەیی و هەڵاواردنی ڕێکخراوانەی دژ بە ژناندایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بێبەشکردنی ڕێکخراوانەی ژنان لە مافە سەرەکییەکان و پەسەندکردن و جێبەجێکردنی یاسا دژەژنانەکانی نە تەنیا لە زۆر حاڵەتدا بەرپرسی ڕاستەوخۆی کوژرانی ژنانە، بەڵکوو بۆ ڕوودانی ئەو چەشنە سزایانە ئاسانکاری دەکاتەوە.