ژنکوژی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی ماریا حوسێنپەناهی لە لایەن هاوژینکەی لە سنە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
ماریا حوسێنپەناهی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، لە لایەن هاوژینەکەی خۆیەوە بە بەکارهێنانی چەکی سارد کوژرا. هۆکاری پاڵنەری بکوژ بۆ کوشتنی ماریا حوسێنپەناهی هەتا ئێستا ڕوون نییە.
بە پێی ڕاپۆرتیی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٣ی فێبریوەری ٢٠٢٦)، ماریا حوسێنپەناهی تەمەن ٣٢ ساڵ و هاووڵاتیی خەڵکی سنە، لە لایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی شوان ناسری بە لێدانی چەقۆ کوژرا. ناوبراو بە تازەیی ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو و هاوژینەکەشی زۆر خۆش ویستووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حوسێن پەناهی لەبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەو شەوە شوان و ماریا تووشی دەمەقاڵەیەک بوون و شوان بۆ ئارام بوونەوەتە چووەتە دەرەوە و لەوێ تەلەفۆنی بۆ خوشکی ماریا کردووە کە ئێستا بگەڕێمەوە ماریا دەکوژم. خوشکی ماریاش ئەم هەڕەشەیە جدی وەرگرتووە و خێرا ماریای ئاگادار کردووەتەوە. بەڵام ماریا توویە پێشتریش لەم هەڕەشانەی کردووە و لەئێستادا سنەپ یان کەرەستەی هاتووچۆ لەبەردەستدا نییە کە بگەڕێمەوە.
خوشکی ماریا هەر ئەوکاتە ئیدارەی پۆلیس و ئاگاهی ناوچەکەیان ئاگادار دەکاتەوە و دواتر کە پەیوەندی بە ماریا دەکات و قسە دەکەن، لەناکاو ماریا هاوار دەکات کە شوان بە چەقۆیەکەوە هاتە ژوورەوە و دواتر پەیوەندییان نامێنێت.
ئەو سەرچاوە وتیشی کە ئەو تاوانە کاتژمێرەکانی کۆتایی شەو ئەنجام دراوە و دوای ئەوەی کە ماریا بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە، بە هۆ ی قووڵی برینەکانیەوە کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە گیانی لە دەست داوە و کۆرپەڵەکەشی لەبار چووە..
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، کوشتنی ماریا لە ماڵ و لە پێش چاوی دایکی هاوژینەکەی ئەنجام دراوە کە بە هۆی ئەم ڕووداوەوە تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.