سەقز؛ ماوەی دەستبەسەرکرانی ئەمجەد ساڵح‌زادە بۆ جاری سێیەم درێژ کرایەوە

٦ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ٢٢:٢٠

هەنگاو؛ شەممە ٦ی بانەمەری ٢٧٢٥

ماوەی دەستبەسەرکرانی ئەمجەد ساڵح‌زادە، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز کە چوار مانگی ڕابردووی لە دەستبەسەریدا تێپەڕ کردووە؛ بۆ جاری سێیەم دڕێژ کرایەوە. ناوبراو نەخۆشیی کۆئەندامی هەرسکردنی هەیە و هێزی جەستەیی نییە کە ماوەیەکی زۆر لە دەستبەسەریدا بمێنێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ماوەی دەستبەسەرکرانی ئەمجەد ساڵح‌زادە، هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵی خەڵکی سەقز دوای سێ مانگ، جارێکی دیکە درێژ کرایەوە.

ئەمجەد ساڵح‌زادە ماوەی سێ مانگ و چوار ڕۆژی ڕابردووی لە دەستبەسەریدا بەسەر بردووە و دۆخی نەخۆشیی ناوبراو خراپتر لە جاران بووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە سەرەتا بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە سنە، دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز و لە کۆتاییدا جارێکی دیکە بۆ سنە گواسترابوویەوە.

ئەمجەد ساڵح‌زادە ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢١ی ژانویەی ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شوێنی کارەکەی بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرا.

پێشتر هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار نووسیبووی کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، ئەم هاووڵاتییەیان لە دووکانی مۆبایل فرۆشییەکەی و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کردووە.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە کۆتاییەکانی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتی جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

شایانی باسە کە، ئەمجەد ساڵح‌زادە لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دستبەسەر و دوای یەک رۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی تا کاتیی کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە