بەندیخانەی نەغەدە؛ ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعات لە ئازادیی کاتی محەممەد سۆهرابی

هەنگاو؛ دووشەممە ٨ی گوڵانی ٢٧٢٥
وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دروستکردنی بەربەست ڕێگری لە ئازادیی کاتی محەممەد سۆهرابی هاووڵاتی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار دەکات. محەممەد سۆهرابی لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی جارێکی دیکە دەستبەسەر کرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد سۆهرابی تەمەن ٣٢ ساڵە، باوکی چوار منداڵ و خەڵکی شاری پیرانشار لە چوارەمین مانگی دەستبەسەر بوونیدا، هێشتا لە ئازادی کاتی بێبەشە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەممەد سۆهرابی دوای لێپرسینەوە بە تۆمەتی ناڕوون بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە و هێشتا لەم بەندیخانەیە.
محەممەد سۆهرابی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی جارێکی دیکە دەستبەسەر کرابوو، پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ١٦ مانگ بەندکران و یەک ساڵ دوورخستنەوە سزا درابوو.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٠ی ژانویەی ٢٠٢٥)، لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەرکرا و دواتریش هێزە ئەمنییەکان ماڵی ناوبراویان پشکنی.