سزای سێدارەی موحسین لەنگەرنشین بەندکراوی سیاسیی تۆمەتبار بە "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" جێبەجێ کرا

١٠ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ١٣:١٨

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٥

سزای سێدارەی موحسین لەنگەرنشین، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری نەوشەهری مازەندەران کە پێشتر بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە پرۆسەیەکی ناڕووندا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی چوارشەممە ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (٣٠ی ئەپریلی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی موحسین لەنگەرنشین، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری نەوشەهر لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ناوبراو ڕۆژی شەممەی هەفتەی ڕابردوو بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوویەوە و ڕۆژی ڕابردووش دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجام دا.

هەواڵدەریی میزان، هەواڵدەری فەرمیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕایگەیاندووە کە ناوبراو بە هۆی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و  بەشداریکردنی لە تیرۆری حەسەن سەیادخۆدایی لە فەرماندە پلە بەرزەکانی سوپای پاسداران لە تاران دەستبەسەر کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەرەڕای مەحکووم کردنی توندی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی موحسێن لەنگەرنشین ڕادەگەیەنێ کە ناوبراو لە پرۆسیەکی ناڕوون و بە دوور لە ستانداردەکانی دادگاییەکی دادپەروەرانە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

موحسین لەنگەرنشین لە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات لە تاران دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٤٣ ڕۆژ لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوو، تا لە کۆتاییدا بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.

ناوبراو بۆ ماوەی ١٢ مانگ لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین (دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات) بەندکرابوو و دواتر بۆ بەندی ٤ی بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە و لە کۆتاییدا لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ لە بەندی ٤ی بەندیخانەی ئێڤین بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترایەوە.

موحسین لەنگەرنشین ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەری ئەبولقاسم سەڵەواتی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و سێ جار داوای دادگاییکردنی دووبارەی ناوبراو ڕەد کرایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی لێپرسینەوە و دەستبەسەرکرانەکەیدا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی توند بوو هەتا دانپێدانی زۆرەملێی لێ وەرگرن. فایلێکی دەنگی ٢٢ خولەکی لە موحسین لەنگەرنشین گەیشتووەتە دەستی هەنگاو کە تێدا بە وردی باس لە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەکات کە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانی زۆرەملێ و دۆسیەسازی دژی ناوبراو بەکار هاتووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە