بەندیخانەی قزڵحیسار؛ جێبەجێکرانی نهێنی سزای سێدارەی ئیسماعیل فکری بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل

٢٦ جۆزەردان ٢٧٢٥، ١١:١٨

هەنگاو؛ دووشەممە ۲۶ی جۆزەردانی ۲۷۲۵

هاوکات لەگەڵ چوارەمین ڕۆژی شەڕی نێوان وڵاتانی ئێران و ئیسرائیل، هاووڵاتییەکی خەڵکی تاران بەناوی ئیسماعیل فکری کە پێشتر بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لەسێدارە درا. هەنگاو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانەی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە هۆشداری داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ۲۶ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۱۶ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی ئیسماعیل فکری، لاوی تەمەن ۳۰ ساڵی خەڵکی تاران کە دوو ساڵ پێش دەستبەسەر کرابوو، بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی پێشتر لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

هەواڵنێری تەسنیم، هەواڵنێری پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران، بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاندووە "ئیسماعیل فکری لە ماوەی هاوکاری لەگەڵ مووساد هەوڵی داوە زانیارییە چینبەندیکراو و هەستیارەکانی ئێران وەکوو شوێن و بنکە هەستیارەکان و زانیاری لەسەر کەسانی تایبەت، بە دوژمنەکانی کۆماری ئیسلامی بدات و خەڵات وەربگرێت."

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی فکری بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە ئیسماعیل مانگی خەزەڵوەری ۲۷۲۲ لە یەکێک لە شەقامەکانی تاران لە لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی پێنج مانگ لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا داندرابوو. ناوبراو لەو ڕۆژانەدا لە مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو.

ئیسماعیل فکری لە ئاکامدا ساڵی ۲۷۲۴ لە لایەن لقی ۲۶ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی "هاوکاری و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئیدانەکردنی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئیسماعیل فکری سەبارەت بە تۆڵەسەندنەوە لە ڕێگای جێبەجێکردنی سزای سێدارەی حەوت بەندکراوی دیکە کە بە هەمان تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەستبەسەر کراون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە هۆشداری دەدات و لە سەرجەم ڕێکخراوە مافی مرۆڤی و کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان داوا دەکات تەواوی هێزی خۆیان لەو بوارەدا بەکار بێنن.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی سی مانگی ڕابردوودا (دوو ساڵ و نیو) لانی کەم ۱۲ بەندکراو بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ/ سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» لەسێدارە دراون. هەروەها بەپێی ئامار و بەڵگەنامە تۆمارکراوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لانی کەم حەوت بەندکراوی سیاسی بەناوەکانی ئازاد شوجاعی، ئیدریس ئالی، شاهین وێساف، ناسر بەکرزادە، ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد، محەممەدئەمین مەهدی شایستە و ئەحمەدڕەزا جەلالی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەگەڵ مەترسیی جددیی تۆڵەسەندنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕووبەڕوون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە