دوو بەندکراوی سیاسیی دیکە بە ناوەکانی پوویا قوبادی بێستوونی و بابەک عەلیپوور لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە دران

١١ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ١٠:٢٩

هه‌نگاو؛ سێشەممە ١١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی دیکە بە ناوەکانی پوویا قوبادی بێستوونی، هاووڵاتیی تورک و خەڵکی سونقور و کولیایی و بابەک عەلیپوور، هاووڵاتیی گیلەک و خەڵکی ڕەشت، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ئەم دوو بەندکراوە پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ چوار بەندکراوی دیکە، بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٣١ی مارسی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی پوویا قوبادی بێستوونی و بابەک عەلیپوور، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵە و پارێزەرەکانیان و بێ ئەنجامدانی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیسار جێبەجێ کرا.

ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران (میزان)، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاندووە کە سزای سێدارەی ئەم دوو کەسە دوای پشتڕاستکردنەوە لە دیوانی باڵای وڵات جێبەجێ کراوە.

جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەم دوو بەندکراوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ڕابردووش، سزای سێدارەی دوو هاودۆسیەی دیکەیان بە ناوەکانی ئەکبەر دانشوەرکار و محەممەد تەقەوی سەنگدێهی لە هەمان بەندیخانە جێبەجێ کرابوو.

ئەم بەندکراوە سیاسییانە لە سەرماوەزی ٢٧٠٤ لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر «ئیمان ئەفشاری»، بە تۆمەتی «بەغی» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا. سەرەڕای ئەوەی دیوانی باڵای وڵات پێشتر حوکمی ئەم دۆسیەیەی بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا هەڵوەشاندبووەوە، بەڵام لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٠٥  لقی ٢٦ی دادگای شۆڕش لە دانیشتنێکی چەند خولەکی و فەرمایشیدا، دووبارە سزای سێدارەی بۆ هەر ٦ تۆمەتباری دۆسیەکە دەرکردەوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بەندکراوانە لە کاتی لێپرسینەوەدا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر سەختترین ئەشکەنجەی جەستەیی وەک لێدان، شۆکی کارەبایی، قامچی و هەڕەشەی کوشتنی بنەماڵەکانیان بوون.

پوویا قوبادی بیستوونی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری سونقوڕ سەر بە پارێزگای کرماشان. ناوبراو ئەندازیاری کارەبا، دەرچووی زانکۆی کوردستان، هونەرمەندی خۆشنووس و ژەنیاری سەنتوور بوو کە پێشتریش بە هۆی چالاکی سیاسی پێنج سال دەستبەسەرکرابوو.

بابەک عەلیپوور تەمەن ٣٥ ساڵ، خەڵکی ڕەشت و دەرچووی بەشی ماف (حقوق). ناوبراو لە چالاکانی مەدەنی و شاخەوانانی گیلان بوو کە بەهۆی گوشاری ئابوورییەوە خەریکی کارکردن لە کێڵگە برنجەکانی زێدەکەی خۆی بوو. شایانی باسە دایک و خوشک و برای بابەک عەلیپووریش لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردووەوە دەستبەسەر کراون.

جێبەجێکردنی ئەم سزایانە لە کاتێکدایە کە شەوی یەکشەممە، هێزەکانی گاردی بەندیخانەی قزڵحیسار بە هێرشکردنە سەر بەندی ٤، لانی کەم ٢٢ بەندکراوی سیاسییان بە لێدان و کوتان بۆ شوێنێکی نادیار گواستبووەوە. ئەم بەندکراوانە ئەندامی کەمپەینی «سێشەممەکانینا بۆ سێدارە» بوون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی، هۆشداری دەدات کە بە لەسێدارەدانی ٤ کەس لەم دۆسیە ٦ کەسییە، گیانی دوو تۆمەتباری دیکە بە ناوەکانی وەحید بەنی‌عامەریان و ئەبوولحەسەن مونتەزەر لە مەترسییەکی جیددایە. هەنگاو لە سێدارەدانی نهێنی و بێبەشکردنی بەندکراوان لە مافی دوایین چاوپێکەوتن بە نموونەی زەق و ئاشکرای تاوان و پێشێلکردنی پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەزانێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە