دەستبەسەرکرانی مووسا یادیار و حەمزە یادیار، دوو برای خەڵکی بۆکان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە

١٥ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ١١:٠٥

هەنگاو؛ دووشەممە ١۵ی بانەمەڕی ۲۷۲۵

دوو برای خەڵکی گوندی گوێکتەپەی بۆکان بەناوەکانی مووسا یادیار و حەمزە یادیار بەهۆی لەبەرکردنی جلی خاکی کوردی و جامانە لە زەماوەندی هاوڕێیەکیاندا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ۹ی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ۱۴ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۴ی مەی ۲۰۲۵)، دوو برا بەناوەکانی حەمزە یادیار تەمەن ۲۵ ساڵ و مووسا یادیار تەمەن ۲۶ ساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە بۆکان بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی یادیار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەو دوو برایەیان لە دوکانی شوێنی کاری مووسا یادیار بە لێدان و توندوتیژییەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

ئەو سەرچاوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە: "مووسا و حەمزە یادیار بەهۆی لەبەرکردنی جلی خاکی و جامانە لە ڕێوڕەسمی زەماوەندی هاوڕێیەکیان لە شاری بۆکان دەستبەسەر کراون."

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکردنی ئەو دوو برا هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دایک و باوکی ئەو دوو هاووڵاتییە و ماڵەکەیان پشکنیوە و ئەندامانی بنەماڵەکەیان ترساندوون.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەو دوو برا کوردە لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە