مەهاباد؛ دەستبەسەركرانی دووبارەی عەلی دانش لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات

هەنگاو؛ هەینی ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٥
عەلی دانش، هاووڵاتیی كورد و خەڵكی شاری مەهاباد بۆ جاری دووەم لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەكارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواسترایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (٩ی مەی ٢٠٢٥)، عەلی دانش، تەمەن ٣٢ ساڵ، دووكاندار و خەڵكی مەهاباد لە ئەنجامی هێرشی هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر كرا.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی عەلی دانش، دەستبەسەركرانی ئەم هاووڵاتییە بە بەكارهێنانی توندوتیژی و لێدان بووە.
تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.
شایانی باسە كە، عەلی دانش پێشتر لە سەر لە بەیانی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١١ی جوڵای ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی هێرشی توندوتیژانەی هێزەكانی ڕێكخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و شكاندنی درگای ماڵەكەی لە مەهاباد دەستبەسەر و دوای ماوەیەك بە دانانی بارمتە بە شێوەی كاتی لە بەندیخانە ئازاد كرابوو.