جێبەجێکرانی سزای سێدارەی مەحموود ئوستاد مۆمزایی و کەریم فەرخوەند لە بەندیخانەی دێزفوول

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۱۱ی بانەمەڕی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی دوو بەندکراوی لوڕ بەناوەکانی مەحموود ئوستاد مۆمزایی و کەریم فەرخوەند، کە پێشتر بە تۆمەتی "دزیی چەکدارانە" دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی شاری دێزفوول سەر بە پارێزگای خووزستان جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ۱۱ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۱ی مەی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی کەریم فەرخوەند، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی دێزفوول و مەحموود ئوستاد مۆمزایی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی دێزفوول لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.
مەحموود ئوستاد مۆمزایی و کەریم فەرخوەند پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەش بە تۆمەتی "دزیی چەکداری"یەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو دوو بەندکراوە ڕۆژی سێشەممە بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوونەوە.
ڕۆژی سێشەممە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی دێزفوول بە کۆبوونەوە لەبەردم بەندیخانەدا داوای ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو دوو بەندکراوەیان کردبوو کە بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، هێزە حکومەتییەکان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەو سزای سێدارەیەدا تەقەیان لە خەڵک کردبوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو دوو بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.