مەریوان؛ کوژرانی کۆڵبەرێکی گەنج بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران

٢٠ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ٢١:٤٦
هەنگاو؛ شەممە ۲۰ی بانەمەڕی ۲۷۲۵
ئارمان ڕایزەن کۆڵبەری گەنجی خەڵکی شاری مەریوان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ۲۰ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۱۰ی مەی ۲۰۲۵)، ئارمان ڕایزەن تەمەن ٣٢ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی "گۆگجە" سەر بە شاری مەریوان لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، ئارمان ڕایزەن لە کاتی کۆڵبەری هاوڕێ لەگەڵ چەند کوڵبەر لە ناوچەی سنووریی "دووپلوورە"ی سەر بە شاری مەریوان کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە.
ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە تەرمی بێ گیانی ئارمان رایزەن پاش ئەو ڕووداوە بۆ نەخۆشخانەی مەریوان گواستراوەتەوە.
سەرچاوە: هەنگاو كوردی