سنووری مەریوان؛ کۆڵبەرێک بە ناوی پەیام ئەحمەدی بەتەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٥
پەیام ئەحمەدی کۆڵبەری لاوی خەڵکی سەوڵاوا لەکاتی کۆڵبەری لە سنووری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ (١٥ی جولای ٢٠٢٥)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری مەریوان تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی پەیام ئەحمەدی خەڵکی گوندی 'بەرقوڕوو' سەر بە شاری سەوڵاوا کوژراوە و تەرمەکەی ڕۆژێک دواتر بینراوەتەوە.
هەنگاو زانیویەتی کە ئەم کۆڵبەرە خێزاندار و باوکی منداڵێکە و لە ناوچەی سنووری "هەنجیران"ی مەریوان بە بێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشەوختە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژ و دەستبەجێ کوژراوە.
شیاوی زانینە کە تەرمی ئەم کۆڵبەرە ئێستا لە ساردخانەی نەخۆشخانەی مەریوان ڕاگیراوە و بڕیارە ئەمڕۆ لەزێدەکەی خۆی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی بەڕێوەبچێت.