جێبەجێکرانی نهێنی سزای سێدارەی مێهران نەسری زەڕ لە بەندیخانەی قزڵحیسار

٢٢ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ١٢:٢٩

هەنگاو؛ دووشەممە ۲۲ی بانەمەڕی ۲۷۲۵

سزای سێدارەی مێهران نەسری زەڕ، بەندکراوی کورد و  خەڵکی شاری سنە، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ۲۲ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۱۲ی مەی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی مێهران نەسری زەڕ، بەندکراوی تەمەن ۳۰ ساڵی خەڵکی شاری سنە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مێهران نەسری زەڕ سێ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە لەحاڵێکدا جێبەجێ کراوە کە لە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە