ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی حەوت بەندکراو بریتی لە بەندکراوێکی ژن لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا

هەنگاو؛ سێشەممە ۲۳ی بانەمەڕی ۲۷۲۵
لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا سزای سێدارەی لانی کەم حەوت بەندکراو بریتی لە بەندکراوێکی ژن، دوو بەندکراوی کورد و بەندکراوێکی تورکمان بەناوەکانی مەحبووبە خسرۆنژاد، فیرووز عەلیاری، سەفا قەرەداشی، کورۆش جەلیلی، مێهران نەسری زەڕ، مەحموود حوجەتزادە و جەلیل عەزیزی لە بەندیخانەکانی گورگان، ئیسفەهان، کەرەج و ئەراک جێبەجێ کرا. هەروەها حەوتووی ڕابردوو بەندکراوێک بە ناوی پەیمان موختاری لە تەورێز لەسێدارە درابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲۲ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۱۲ی مەی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بریتی لە یەک ژن بە ناسنامەی مەحبووبە خسرۆنژاد، هاووڵاتییەکی تورکمان بەناوی سەفا قەرەداشی، تەمەن ۲۶ ساڵ و خەڵکی ئاق قەڵای سەر بە پارێزگای گوڵستان و فیرووز (عێرفان) عەلیاری تەمەن ۲۸ ساڵ و خەڵکی گورگان لە بەندیخانەی ئەمیرئابادی ئەو شارە جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەحبووبە خسرۆنژاد پێنج ساڵ پێش و فیرووز عەلیاری و سەفا قەرەداشی هەردوو لە چوار ساڵ پێشتر لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
لە لایەکی دیکەوە، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بەناوەکانی کورۆش جەلیلی تەمەن ۲۷ ساڵ و خەڵکی کرماشان و مێهران نەسری زەڕ تەمەن ۳۰ ساڵ و خەڵکی سنە بەشێوەی نهێنی و بێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ئەو دوو بەندکراوە سێ ساڵ پێشتر لە دۆسیەی جیاواز بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوون و دواتر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوکات لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان، بەندکراوێک بەناوی مەحموود حوجەتزادە تەمەن ۳۵ ساڵ و خەڵکی توربەت حەیدەریە سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی کە سێ ساڵ پێش دەستبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لەسێدارە دراوە. لە هەمان ڕۆژدا بەندکراوێکی دیکە بەناوی جەلیل عەزیزی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراک سەر بە پارێزگای مەرکەزی جێبەجێ کراوە.
لە لایەکی دیکەشەوە بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی تورک بەناوی پەیام موختاری خەڵکی موراغە، ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو لە ڕۆژی سێشەممە ۱۶ی بانەمەڕ (۶ی مەی) لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز گەیشتە دوو کەس. ئەو بەندکراوە چوار ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی هاوڕێیەکی دەستبەسەر کرابوو. هەنگاو پێشتر لەو ڕۆژەدا هەواڵی لەسێدارەدرانی حەسەن ساعی ڕاگەیاندبوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.