ڕاپۆرتێک لەسەر سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئێحسان فەریدی، خوێندکاری زانکۆی خەڵکی تەورێز بە تۆمەتی "موحاربە"

هەنگاو؛ سێشەممە ۲۳ی بانەمەڕی ۲۷۲۵
ئێحسان فەریدی، خوێندکاری زانکۆی خەڵکی تەورێز کە لە ساڵی ڕابردۆوە تا ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیردراوە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "موحاربە" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێحسان فەریدی، خوێندکاری زانکۆی خەڵکی تەورێز لە لایەن لقی ۲ی دادگای شۆڕشی تەورێز بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەبدی بە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگای ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە. ئەو سزایە زستانی ساڵی ڕابردوو بەسەر ناوبراودا سەپێندراوە و تا ئێستا میدیایی نەکراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ئێحسان فەریدی، مانگی ڕەشەممەی ساڵی ۲۷۲۴، پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی پارێزەری ئەو خوێندکارە، دۆسیەی ناوبراو بۆ یەک لە لقەکانی دیوانی باڵا نێردراوە.
ئێحسان فەریدی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییدا داندراوە و ئەو سزایەی بەپێی ڕاپۆرتی ئیدارەی ئیتلاعات بەسەردا سەپێندراوە. هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ئەو خوێندکارە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بەسەختی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دراوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی دژ بە خۆی کراوە.
ئەو خوێندکارەی بواری ئەندازیاری ساخت و بەرهەمهێنانی زانکۆی تەورێز کە ئێستا لە ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز ڕاگیراوە، تا ئێستا ماوەی ۱۰ مانگ و ۲۴ ڕۆژی بە دەستبەسەرکراوی تێپەڕ کردووە و لە مافی مەرەخەسی بێبەش بووە.
ئێحسان فەریدی لە ڕێکەوتی ۲۹ی جۆزەردانی ۲۷۲۴ (۱۸ی ژوئەنی ۲۰۲۴)، پاش بانگکران و سەردانی خانەی دادی تەورێز بە فەرمانی لێپرسی لقی ۱۵ی خانەی داد دەستبەسەر کرابوو.
شایانی باسە کە ئێحسان فەریدی پێشتر لە مانگی ڕەشەممەی ۲۷۲۳ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و پاش یەک مانگ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
ئەو خوێندکارە لەو دۆسیەدا بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.