دێزفوول؛ کوژرانی عەزیم فەرخوەند هاووڵاتی دژ بە سزای سێدارە، بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران

١١ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ١٦:٥١

هەنگاو ؛ پێنجشەممە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٤

عەزیم فەرخوەند هاووڵاتیی لوڕ و خەڵکی شاری دێزفوول کە سەبارەت بە جێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەدانی یەکێک لە خزمەکانی بە ناوی کەریم فەرخوەند ناڕەزایەتیی دەربڕیبوو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کەڵانتەریی ١٩ی ئەو شارە کوژرا .

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٤ (١ی مەی ٢٠٢٥)، عەزیم فەرخوەند تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی دێزفوول بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کەڵانتەری ١٩ی ئەو شارە گیانی لەدەست دا .

تەقەی ڕاستەوخۆ لە عەزیم فەرخوەند لەکاتێکدا ڕووی داوە کە ئەو هاووڵاتییە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە جێبەجێکردنی سزای سێدارە چووەتە پێش کاڵانتەری ١٩ی دێزفول .

سزای سێدارەی کەریم فەرخوەند تەمەن ٢٥ ساڵ و خزمی عەزیم فەرخوەند و هەروەها زیندانیێکی دیکە بە نێو مەحموود ئۆستاد میرزایی، ٢٨ ساڵە بەرەبەیانی ئەمڕۆ جێبەجێ کرا.

ئەو دوو بەندکراوە پێشتر لە دۆسییەیێکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "دزیی چەکدارانە" دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

شایانی باسە کە ڕۆژی سێشەممە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دێزفوول لە بەر زیندانی ئەو شارە کۆبوونەوە و داوای ڕاگرتنی سزای سێدارەی ئەو دوو زیندانییەیان کرد.

هەنگاو پێشتر بە پێی زانیاریی سەرچاوەیەکی بڕوا پێکراو ڕایگەیاندبوو كە مەحمووری زیندان هاوکات لە گەڵ جێبەجێ کردنی  سزای ئەو دوو بەندکراوە ڕاستەوخۆ تەقەی لە خەڵکی ناڕازی کردبوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە