جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ڕەزا میری بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۴ی بانەمەڕی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی ڕەزا میری، بەندکراوی خەڵکی شاری هەرسینی سەر پارێزگای کرماشان کە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۲۴ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۱۴ی مەی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی ڕەزا میری، بەندکراوی تەمەن ۳۲ ساڵی کورد و خەڵکی هەرسین لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە ۴ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕەزا میری، ڕۆژی شەممە ۲۰ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۱۰ی مەی ۲۰۲۵)، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحیسار گواسترابۆوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.