سنە؛ ڕاپۆرتێک لە سەر دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی ئارمین خودامورادی

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٥
ئارمین خودامورادی هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و چارەنووسی نادیارە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (١٦ی مەی ٢٠٢٥)، ئارمین خودامورادی تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی سنە، لەئەنجامی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنیکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ناوبراو، سەرەڕای تێپەڕینی چوار ڕۆژ لەدەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە، چارەنووسی نادیارە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەوبارەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە سەر چارەنووس و تۆمەتی وەپاڵخراوی ئارمین خودامورادی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە بەردەستدا نییە.