سزای سێدارەی گۆران قادری لە بەندیخانەی سنە جێبەجێ کرا

هەنگاو؛ سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی گۆران قادری هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان کە پێشتر لە سەر دۆسیەی شلێر ڕەسووڵی دەستبەسەر و سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، جێبەجێ کرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ بانەمەڕی ٢٧٢٥ (٢٠ی مەی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی گۆران قادری تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی مەریوان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.
گۆران قادری سێ ساڵ پێش لە سەر دۆسیەی شلێر ڕەسووڵی دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
شلێر ڕەسووڵی تەمەن ٣٦ ساڵ کە ڕۆژی شەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) بە تەمای هاوکاری کردنی ژنی گۆران قادری چوبووە ماڵی ئەوان، کاتێک زانی که ژنەکەی لەماڵەوە نییە و ناوبراو مەبەستی دەستدرێژی هەیە لە پەنجەرەی بیناکەیانەوە خۆی خستە خوارەوە و چووە کۆما.
ئەم ژنە دواجار دوای ٦ ڕۆژ مانەوە لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی سنە گیانی لە دەستدا کە ناڕەزایەتی بەرینی خەڵکی مەریوان و بەتایبەت چالاکانی ژنی لێکەوتەوە.