سزای سێدارەی تالیب هیجرەتی پوور لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێکرا

هەنگاو؛ دووشەممە ۱۴ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەناوی تالیب هیجرەتی پوور کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ۱۴ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۶ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی تالیب هیجرەتی پوور، تەمەن ۴۰ ساڵ و خەڵکی مەریوان لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
ئەو بەندکراوە نزیکەی ۱۰ ساڵ پێش بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
تالیب هیجرەتی پوور پێشتریش بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابۆوە و جارێکی دیکە بۆ بەندی گشتیی بەندیخانە گەڕێندرابۆوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.