كرماشان؛ دەستبەسەركران و ناڕوونی چارەنووسی كوورش نەدیمی

هەنگاو؛ سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٥
هاووڵاتییەكی كورد بە ناوی كوورش نەدیمی، خەڵكی كامێران لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە كرماشان دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و دوای تێپەڕینی سێ ڕۆژ چارەنووسی نادیارە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەكشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (١٨ی مەی ٢٠٢٥)، كوورش نەدیمی، تەمەن ٤٠ ساڵ، خەڵكی گوندی مێسووراو سەر بە كامێران و باوكی دوو منداڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە شاری كرماشان دەستبەسە ر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە و دوای تێپەڕینی سێ ڕۆژ زانیارییەك لە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزە ئەمنییەكان ئەم هاووڵاتییەیان لە شاری كرماشان و بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەكی دادوەری دەستبەسەر كردووە.
تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران، تۆمەتە سەپێندراوەكان، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە كوردە لەبەر دەستدا نییە.