ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی یووسف ئیسمەعیلی، بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس

٣١ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ١٧:٢٩

هەنگاو؛ چوارشەممە ۳۱ی بانەمەڕی ۲۷۲۵

سزای سێدارەی یووسف ئیسمەعیلی، بەندکراوی کورد و خەڵکی شاری سەردەشت کە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی هەڵگرتنی ئەسید سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۳۱ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۲۰ی مەی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی یووسف ئیسمەعیلی، باوکی دوو منداڵ، تەمەن ۳۸ ساڵ و خەڵکی شاری سەردەشت لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، یووسف ئیسمەعیلی سێ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی هەڵگرتنی ئەسید لە بەندەر گەناوە بۆ سەردەشت، دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی ئێران، بەبێ ناردنی سزاکەی بۆ دیوانی باڵا و ڕاگەیاندنی بەو بەندکراوە و بنەماڵەکەی، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

شایەنی باسە کە، یووسف ئیسمەعیلی لە ماوەی سێ ساڵ دەستبەسەربوونیدا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و بنەماڵەکەی دوو ڕۆژ پێشتر بەبێ ئاگاداری لە لەسێدارەدرانی ناوبراو بەمەبەستی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو بەندکراوە بانگ کرابوون.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە کوردە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە