جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراوی تورک لە بەندیخانەی ناوەندیی بیرجەند

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١ی جۆزەردانی٢٧٢٥
سزای سێدارەی سێ بەندکراوی تورک و خەڵکی میاندواو بە ناوەکانی ناسر دەهار، قەنبەر غەفاری و نورەددین محەممەدزادە کە پێشتریش لە دۆسیەیەکی هاوبەش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو ، لە بەندیخانەی ناوەندیی بیرجەند، ناوەندی پارێزگای خوراسانی باشوور جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەربەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی بانەمەڕی٢٧٢٥ (٢١ی مەی ٢٠٢٥، سزای سێدارەی سێ بەندکراوی تورکی خەڵکی شاری میاندواو بە ناوەکانی ناسر دەهار، باوکی دوو مدناڵ ، قەنبەر غەفاری و نورەددین محەممەدزادە کە هەردووک خێزاندارن لە بەندیخانەی ناوەندیی بیرجەند جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سێ بەندکراوە لە سێ ساڵ پێشەوە لە دۆسیەیەکی هاوبەش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.
هەواڵی سێدارەی ئەم سێ بەندکراوە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.