كرماشان؛ مەهسا زارعی لە چالاكانی فەرهەنگی و بواری مافەكانی ژنان دەستبەسەر كرا

هەنگاو؛ یەكشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
مەهسا زارعی، لە چالاكانی فەرهەنگی و مەدەنیی ناسراوی كورد لە كرماشان كە لە بواری مافەكانی ژنانیش چالاكی هەیە، لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر كرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەكشەممە ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (٢٥ی مەی ٢٠٢٥)، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هێرشكردن بۆ سەر ماڵی بنەماڵەیی مەهسا زارعی، لە چالاكانی ناسراوی فەرهەنگی و مەدەنی و هەروەها چالاک لە بواری مافەكانی ژنان ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەكی دادوەری هێرشیان كردووەسە سەر ماڵی ئەم چالاكە و بە دروستكردنی ترس و توندوتیژی ناوبراویان دەستبەسەر كردووە.
شایانی باسە كە، مەهسا زارعی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو و بە تایبەتی نەورۆزی ئیمساڵ چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەكانەوە بانگ و لێپرسینەوەی لێ كراوە.
تا كاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەكی ورد لەسەر هۆكاری دەستبەسەركران و تۆمەتە سەپێندراوەكان بۆ سەر مەهسا زارعی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەكەی لەم بارەیەوە بێ ئاكام ماوەتەوە.