سنه؛ قانع خاتری سزای ٨مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو؛ یەکشەممە ٤ جۆزەردانی٢٧٢٥
قانع خاتری چالاکی مەدەنی کورد و خەڵکی شاری سنه، لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای ٨مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، قانع خاتری ٣٦ساڵە و خەڵکی شاری سنه، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنه بە سەرۆکایەتی دادوەر مستەفا عەزیزی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای هاوکاری لەگەڵ حیزبی کۆمەڵە سزای ٨مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
قانع خاتری ، پێشتریش لە ڕێکەوتی پێنجشەممە ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤، دوای تێپەڕکردنی ١٥ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی پێنسەد میلیۆنی بە شێوەی کاتی و تا تەواو بوونی پڕۆسەی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازاد کرابوو.
ئەم هاووڵاتییه، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و بە بێ نشاندانی هیچ بەڵگەنامەیەکی دادوەری بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گواسترابۆوە.
قانع خاتری پێشتریش لە ڕێکەونی ٢٨ی بانەمەڕێ ٢٧٢١ لەگەڵ ٦چالاکیتر و ئەندامی هەڵمەتی خێرخوازی ژیانەوەی کوردستان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و پێنجشەممە ٦ی جۆزەردان دوای تێپەربوونی ٤٠ڕۆژ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا تەواو بوونی پڕۆسەی دادگایی کردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
قانع خاتری لەگەڵ ٦چالاکی مەدەنیتر لە مانگی بانەمەڕی ٢٧٢٢ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنه بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران هەر کام ٢ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو کە سزای قانع خاتری دوای خۆڕادەستکردن بۆ ١٨مانگ کە کرایەوە و ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ بە مەبەستی تێپڕکردنی سزاکە بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە گواسترابۆوە.