بۆکان؛ دەستبەسەرکردنی ئیبراهیم مەردانی بەهۆی پۆشینی جامانە و جلی خاکی بەشداربووانی زەماوەندی کوڕەکەی

١٣ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ٢٢:٤٣

هەنگاو: شەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٥

ئیبراهیم مەردانی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەری ٢٧٢٥ (٣ی مەی ٢٠٢٥) ئیبراهیم مەردانی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٧ ساڵی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵی خۆیان دەستبەسەرکراوە.

 بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی ئیبراهیم مەردانی بە هۆی ئامادەبوونی میوانانی زەماوەندی کورەکەی بە جلی خاکی و جامانەوە بووە.

 تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی راگیرانی ئەم هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.

 شایانی باسە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ مەحموود نادری لە سنە هەر بەم هۆکارە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوو.

سەرەتای مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردو، لانی کەم ٥٨ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان و پیرانشار بریتی لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دوای ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمی زەماوەندێکدا به جامانە و جلوبەرگی خاکی بە تۆمەتی ئەوەی بە "هێماگەرایی" ڕاگەیێندرابوو، بانگ کرابوونە ناوەندە دادوەرییەکان.

دوای بانگکران و سازکردنی دۆسیەی دادوەری بۆ ئەو کەسانە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە شارە جیاوازەکانی کوردستان وەکوو سنە، بۆکان، مەهاباد، پیرانشار و شنۆ هەندێک ڤیدیۆ لە زەماوەندەکان بڵاو کرانەوە کە ئامادەبووان بۆ ڕاگەیاندنی پاڵپشتییان لەو کەسانەی بانگ کرابوون، بە جامانە و جلی خاکییەوە لە بۆنەکان بەشدارییان کردبوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە